چوارشه‌ممه 26ى شوبات 2020، له هۆڵى فه‌رهادى كۆلێژى ئاداب له‌لایه‌ن راگرایه‌تى كۆلێژى ئاداب و سه‌رۆكایه‌تى به‌شى راگه‌یاندنى كۆلێژ، رێز له (د.رزگار ره‌نجه‌ڕۆ) مامۆستا له به‌شى راگه‌یاندنى كۆلێژى ئاداب نرا.
له‌و مه‌راسیمه‌دا، كه به‌شێكى زۆر له میوانى حكومى و حزبى و هونه‌رمه‌ندان و مامۆستایانى ئه‌كادیمى ئاماده‌یبوون، د.هۆشیار موزه‌فه‌ر سه‌رۆكى به‌شى راگه‌یاندنى كۆلێژى ئاداب له وته‌یه‌كى كورتدا، ئاماژه‌ى به رۆڵى مامۆستا رزگار ره‌نجه‌ڕۆ كرد‌و كاره‌كانى په‌سنه‌د كرد، له‌ماوه‌ى ساڵانى رابردوو خزمه‌تى به‌رچاوى به‌شه‌كه‌ى كردووه.
هاوكات پ.د.قادر محه‌مه‌د حه‌سه‌ن، راگرى كۆلێژى ئاداب له وته‌یه‌كیدا ئاماژه‌ى به كاره‌كانى د.رزگار كرد‌و له‌وباره‌یه‌وه وتى: د.رزگار له‌هه‌رسێ ئاستى هونه‌رى، رۆژنامه‌وانى و ئه‌كادیمى خزمه‌تى میلله‌ته‌كه‌ى كردووه. له‌بوارى هونه‌رى، ماوه‌یه‌كى زۆره له‌رێگه‌ى هونه‌رى گۆڕ‌انى و حه‌یران و لاوك و به‌سته خزمه‌تى كوردستانى كردووه، هه‌روه‌ها له بوارى رۆژنامه‌وانیشدا جێ په‌نجه‌ى دیاره چونكه ساڵانێكى زۆر له ده‌ره‌وه‌ى وڵات بووه‌و توانیویه‌تى كۆمه‌ڵێك چاوپێكه‌وتن و كارى میدیایى بكات بۆ خزمه‌تى دۆزى ره‌واى میلله‌ته‌كه‌ى، هه‌روه‌ك له بوارى ئه‌كادیمیشدا رۆڵى به‌رچاوى هه‌بووه‌و له‌وه‌ته‌ى گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان وه‌كو مامۆستایه‌كى به ئه‌زموونى بوارى راگه‌یاند چه‌ندین قوتابى پێگه‌یاندووه، ئه‌مه‌ش بۆ كۆلێژى ئاداب شانازیه‌كى گه‌وره‌یه.
هه‌ر له مه‌راسییمه‌كه‌دا، چه‌ندین وتار و پارچه شیعرى دیكه كه تایبه‌ت به‌و بۆنه‌یه‌وه نووسراون، خوێندرانه‌وه.