ئاوەدانکردنەوەی هەولێر بەپێی ستانداردە جیهانیەکان لە سیمپۆزیۆمێکی نێودەوڵەتی زانکۆی سەلاحەدیندا

سیمپۆزیۆمێکی نێودەوڵەتی لەزانکۆی سەلاحەدین سازکرا

زانکۆی سەلاحەدین لە چوارچێوەی گرنگیدانیدا بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی، سیمپۆزیەمێکی نێودەوڵەتی رێکخست بۆ دیراساتی ئاوەدانی، کە چەندین توێژەر و ئەندازیار و مامۆستای زانکۆی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی تێیدا بەشداربوون. لەژێر ناونیشانی خولانەوەو خەرجیەکانی شێوازێکی فرەلایەن لە ئاوەدانی شارەکانی رۆژهەڵات، بەشی تەلارسازی لەزانکۆی سەلاحەدین سیمپۆزیۆمێکی نێودەوڵەتی سازکرد بۆ ئەوەی بیکاتە دەروازەیەکی زانستی گرنگ بۆ بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان.
لە مەراسیمی دەسپێکی سیمپۆزیۆمەکەدا کە سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و راگرو مامۆستایان و توێژەرانی نێودەوڵەتی تێیدا ئامادەبوون، لەسەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ (دکتۆر ئەحمەد دزەیی ووتەیەکی پێشکەش کرد کە تێیدا خۆشحاڵی خۆی دەربری کە زانکۆی سەلاحەدین لە سەرجەم بوارەکاندا پێشەنگەو ئەمجارە بە گرنگیەوە دەروانێتە بابەتی ئاوەدانی شارەکانی کوردستان لەسەر ستانداردێکی پێشکەوتوو. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە زانکۆی سەلاحەدین هەموو هەوڵ و پاڵپشتیەک پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی بابەتی ئاوەدانی بکرێتە بابەتێکی زانستی. لەبەشێکی دیکەى مەراسیمەکەدا (د.میکایل مۆرتن) بەرێوەبەری رێکخراوی ئیفپۆی فەرەنسی کەیەکێکە لەو دامەزراوانەی بەشدارن لەو کۆنفرانسە، ووتەیەکی پێشکەش کرد و گرنگیدانی زانکۆی سەلاحەدینی بەو بوارە بەرز نرخاند و لە هەمان کات پێشەنگ بوونی زانکۆی لەبواری ئاوەدانیدا بە گرنگ زانی.
پاشان لەبەشێکی دیکەى مەراسیمەکەدا دکتۆر مەحمود خەیات، هێلە گشتیەکانی سیمپۆزیەمەکەى روون کردەوەو بابەتێکی لەو بارەوەیەوە پێشکەش کرد، لە بەشێک لە پێشکەشکردنەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە کاری ئەو سیمپۆزیەمە نێودەوڵەتیە بۆ ئەوەیە ستاندردێکی جیهانی بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بزانین شاری هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان تا چەندە دەتوانێ بەپێی ئەو ستانداردە ئاوەدانی بکرێتەوەو ناسنامەیەکی نوێ وەربگرێ. بۆ ئەم مەبەستە چەندین توێژینەوە پێشکەش دەکرێ لەسەر شارەکانی ئەستەنبول و کوەیت و دوبەی و بەیروت بۆ ئەوەی دواتر بەراورد بکرێ کە هەولێر تا چەندە دەتوانێ وەک ئەوان ئاوەدان بکرێتەوە.

Tags