سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی تەلارسازی لە زانکۆی سەلاحەدین بەرێوەچوو

بە ئامادەبوونى پرۆفیسۆر د.ئەحمەد دزەیی سەرۆکى زانکۆی سەلاحەدین و ئاگرین عەزیز بریکاری وەزارەتی ئاوەدان کردنەوەو نیشتەجێبوون و داود ئەتروشی نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندازیار و بەڵێندەرە نێوخۆیی و دەرەکیەکان، زانکۆی سەلاحەدین بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی تەکنەلۆجی وارشۆ لە ووڵاتی پۆڵەندا، یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی تەلارسازی ئەنجامدا.
ئەم سیمپۆزیەمە کە لەسەنتەری رۆشەنبیری زانکۆی سەلاحەدین بەرێَوەچوو تێیدا تیشک خرایە سەر چەندین بابەتی پەیوەست بە ئەندازیاری تەلارسازی و پرسەکانی پەیوەندیدار بە چۆنیەتی بەرەو پێش بردنی ئەم کەرتەو چۆنیەتی گەشەپێدانی بابەتی نیشتەجێبوون گفتوگۆی لەبارەوە کرا. هەر لەم چوار چێوەیەدا پرۆژەکانی شاری هەولێر کە ئەنجام دراون یان لە بواری جێبەجێکردنن، لەگەڵ پرۆژەی کەمپی زانکۆی سەلاحەدین، بابەتی سەرەکی سیمپۆزیۆمەکەی پێکدەهێنا.
لە دەستپێکی ئەم چالاکیە ئەکادیمیەدا، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لەمیانەی ووتەیەکیدا تیشکی خستە سەر گرنگی ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاکیانە، لەو بارەیەوە ئامادەیی زانکۆی سەلاحەدین نیشاندا بۆ گرتنە باوەشی هەر چالاکیەکی ئەکادیمی کە خزمەت بە هەرێمی کوردستان بکات. لەبەشێکی ووتەکەیدا سەبارەت بە کەمپی زانکۆ ووتی(ئێمە پلانی ئەوەمان داناوە ئەگەر باری ئابووری کوردستان باشتر بێت لە ئایندەیەکی نزیک پرۆژەکە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەم مەبەستە بریارە لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەش دانیشین بۆ ئەوەی میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە بخەینە روو، ئێمە دەمانەوێت وەبەرهێنان لەو باڵەخانەو و مولکانە بکەین کە ئێمە وەک زانکۆی سەلاحەدین خاوەنین.) سەبارەت بەو کارە هاوبەشەی کە خۆی لە سیمپۆزیۆمێکی نێودەوڵەتیدا دەبینێتەوە، سەرۆکی زانکۆ ووتی ( پۆڵەندا توانی لە ماوەیەکی کەمدا دوای جەنگی جیهانی خۆیان بنیات بنێنەوە، بۆیە سود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەم دەوڵەتانە زۆر گرنگە بۆ ئێمە). دواتر هەر یەکە لە نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵاو بریکاری وەزارەتی ئاوەدان کردنەوەو نێشتەجێبوون بابەتی تایبەتیان پێَشکەش کرد سەبارەت بە گرنگیدان بەو کەرتە، لەمیانەی ئەمەدا (ئاگرین عزیز) باسی لەوپرۆژانە کرد کە وەزارەتی ئاوەدان کردنەوەو نیشتەجێبوون لە ماوەی رابردوو ئەنجامی داون لەرووی بابەتی گەشەپێدانی نیشتەجێبوونەوەو چەندین داتاو ئاماری لەم رووەوە خستەروو، پاشان باسی لەو پرۆژانەی نیشتەجێبوون کرد کە بەنیازن لە ئاینە جێبەجێی بکەن.