پڕۆژەی (بیرۆکەی گەنج)

کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی سەڵاحەدین وەک دامەزراوەیێکی ئەکادیمی پێشەنگ لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە، لە رووی ژێرخانی ئابووری و مرۆیی و ئەکادیمیەوە یەکێکە لە کۆلێژە ئەندازیارییە گەورەکان لە سەر ئاستی کوردستان، ستافی ئەکادیمی لە کۆلێژی ئەندازیاری لە ٢٣٠ هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا پێکدێت٠
کۆلێژی ئەندازیاری بڕوانامەکانی بەکەلۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا دەبەخشێت، و لەم بەشە زانستیانەی  خوارەوە پێکدێت

بەشی ئەندازیاری شارستانی –

بەشی ئەندازیاری کارەبا –

بەشی ئەندازیاری میکانیک-میکاترۆنیک –

بەشی ئەندازیاری تەلارسازی –

بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی و ئینفۆرماتیکس –

بەشی ئەندازیاری سەرچاوەکانی ئاو –

(بەشی ئەندازیاری جیۆماتیکس (رووپێوان  –

بەشی ئەندازیاری کیمیا –

بەشی ئەندازیاری فڕۆکەوانی –

کۆلێژی ئەندازیاری جگە لە پێگەیاندنی ئەندازیار، مامۆستاکانی راوێژکاری دەبەخشنە کەرتی تایبەت و حکومی هەرێمی کوردستان و دیزاینی دەیان پڕۆژەی گەورەی هەرێمی کوردستانیان ئەنجامداوە لە پرد و رێگاوبان و باڵەخانە و وێستگەی کارەبا و بەنداو و کەرستەکانی بیناسازی و پیشەسازی٠
بە مەبەستی پەرەپێدانی تواناکانی قوتابیان و مامۆستایان، کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی سەڵاحەدین بە دەیان پرۆگرامی هاوبەشی لەگەڵ زانکۆکانی دەرەوە هەیە٠
دەرچوانی ئەم کۆلێژە جگە لە دامەزران و کارکردنیان لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم، هەروەها لە بازاڕی کار و کەرتی تایبەتیشدا رۆڵێکی بەرچاویان هەیە، تەنانەت هەندێکیان کۆمپانیای تایبەت بە خۆیان دامەزراندووە٠
لە چوارچیوەی ئەو رێفۆرم و نوێکاریانەی کە کۆلێژی ئەندازیاری دەستی داوەتێ لە رووی گۆڕینی سیستەمی خوێندن و بابەتە زانستیەکان کە لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی سەردەم و بازاڕی کار بگونجێت، هەوڵیشی داوە لە رێگەی چەندین پرۆژەوە توانای قوتابیان و کەسانی خاوەن ئەزموون و بیرۆکەی نوێ پەرەپێبدات و هەلی گونجاویان بۆ بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکانیان بە ئەنجام بگەیێنن٠
یەکێک لەم پڕۆژانە بە ناونیشانی پڕۆژەی(بیرۆکەی گەنج)ە، ئامانج لەم پڕۆژەیە بە پراکتیزەکردنی بیرۆکە و داهێنانی کەسانی بەتوانایە کە دەخوازن رێگەیێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بیرۆکە و داهێنانەکانین لە رێگەی پرۆژەیێکەوە بخەنە بواری جێبەجێکردن٠
ئەگەر هەر کەسێک خاوەنی بیرۆکەیێک یاخود داهێنانێکە دەتوانێ لە رێگەی لینکی تایبەتەوە فۆرمی تایبەت پڕبکاتەوە. دواتر داواکاریەکە و ووردەکاری بیرۆکەکە لە لایەن کەسانی شارەزاوە لە کۆلێژی ئەندازیاری لە پسپۆڕیە جیاوازەکان هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. دوای پەسندکردنی داواکاریەکان لە رێگەی لیژنەیێکی تایبەتەوە کە خودی خاوەن پڕۆژەکە ئەندام دەبێت تیایدا، بیرۆکەکە دەخرێتە چوارچێوەی پڕۆژەیێکی راستەقینە. لە دوا قۆناغدا گرێبەستی تایبەت بە پڕۆژەکە لە نێوان نووسینگەی راوێژکاری کۆلێژی ئەندازیاری و خاوەن بیرۆکەکە واژوو دەکرێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە٠

Tags