لەهۆڵی سیمیناری کۆلێژ، بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی (د.مستەفا عەتار) و راگری کۆلێژ (د.ئەسوەد قادر) و بەرێوەبەری دڵنیایی جۆری زانکۆی سەلاحەدین و سەرۆکی بەشەکان و مامۆستایانی کۆلێژ، مەراسیمێکی تایبەت بەرێوەچوو بۆ رێزلێنان لەو مامۆستایانەی لە پرۆسەی دڵنیایی جۆری پلەی شایستەیان بە دەستهێنابوو.
لە مەراسیمەکەدا بەشێک لە مامۆستایانی کۆلێژ سوپاس وپێزانینی سەرۆکی زانکۆیان وەرگرت لەپای بەدەستهێنانی ئاستی شایستە بەو رێزلێنانە لە پرۆسەی دڵنیایی جۆری بۆ ساڵی ئەکادیمی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠ لە (هەگبەی مامۆستا – پرۆسەی زانستخوازی بەردەوام). هەروەها بەشێکیش لە مامۆستایان سوپاس و پێزانینی راگرایەتی کۆلێژیان پێدرا وەک رێزلێنانێک بەرامبەر بە دەستهێنانی پلەی شایستە لە پرۆسەی دڵنیایی جۆری.
شایەنی باسە لە زانکۆی سەلاحەدین وەک نەریتێکی زانستی ساڵانە، ئەم مامۆستایانەی لە پرۆسەی دڵنیایی جۆری پلەی شایستە بە دەست دێنن سوپاس و پێزانینی سەرۆکایەتی زانکۆیان پێدەبەخشرێت. بەڵام ئەم ساڵ لەچوارچێوەی رێکارەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا مەراسیمەکە لە کۆلێژەکان ئەنجامدرا.









