ئەتلەسى ئاو و هەواى پارێزگاى هەولێر

((ئەتلەسى ئاو و هەواى پارێزگاى هەولێر بە بەكارهێنانى سيستەمى زانيارييەكان جوگرافييەكان-GIS ))
بۆ یەکەم جار لە ئاستی پارێزگاى هەولێر، ((ئەتلەسى ئاو و هەواى پارێزگاى هەولێر بە بەکارهێنانى سيستەمى زانيارييەكان جوگرافييەكان-GIS )) لەلايەن بەشى جوگرافياى كۆلێژى ئاداب – زانكۆى سەلاحەددين/ هەولێر ئامادەكرا.
ئەمڕۆ، چوارشەممە،١١ ى نيسانى ٢٠٢٣، بە ئامادەبووانى بەرێزان (پ.د.قادر محمد حسن) ڕاگرى كۆلێژى ئاداب و (د.ساسان حيكمت)، ياريدەدەرى ڕاگرى كۆلێژ و (د.نادیە تەلعەت) سەرۆکی بەشی جوگرافیا و بەشێكى زۆر لە مامۆستايان و قوتابيان، بۆ يەکەم جار لەسەر ئاستى پارێزگاى هەولێر، ((ئەتلەسى ئاو و هەواى پارێزگاى هەولێر بە بەكارهێنانى سيستەمى زانيارييەكان جوگرافييەکان-GIS ))، كە لە لایەن بەشى جوگرافياى كۆلێژى ئاداب – زانكؤى سەلاحەددين/ هەولێر ئامادەكرا، خرايەڕوو.
لەسەرەتادا، (د.تەحسين عەبدولڕەحيم) كە سەرپەرشتيارى پڕۆژەکە لە وتەيەكدا، ئاماژەى بەوەدا كە “سەرەڕاى كەمى ئيمكانيەتى بەردەست، بەڵام هەوڵمداوە كە قوتابيەكانمان لەسەر ئەوە ڕابهێنين بۆ ئەوەى لە داهاتوودا لە ڕێگەى سيستەمى (GIS) كار و خزمەت بە نيشتمان بكەن”.
گوتيشى: “بيرۆكەى ئەتلەسى ئاو و هەواى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەى دوو ساڵە كارى لەسەر دەكەين. دواتر مامۆستايانى بەشى جوگرافيا پێيان باش بوو كە پڕۆژەكە بكرێتە باسى دەرچوون، بۆ ئەمەش قوتابيەكانمان دابەشكردووە بۆ هەشت گروپ و هەر گروپێكيش كارى لەسەر ڕەگەزێك لە ڕەگەكانى ئاو و هەوا كردووە.. جێگەى خۆیەتى سوپاسى مامۆستايانى بەشى جوگرافيا بكەين كە هاوكارى پڕۆژەکەیان كردووە بەتايبەت مامۆستا (كاوە جەبار) كە زۆر بەو پڕۆژەیە ماندوو بووە”.
(د.تەحسين) ئەوەى ڕونكردەوە، كە لەو ئەتلەسدا، داتاى زياتر لة ٢٠ ساڵ (٢٠٠٠ – ٢٠٢١) تايبەت بە ئاو و هەواى پارێزگاى هەولێر ئامادە كراوە”ئەمەش لەپێناو ئەوەى كە داتاكانى ئەتلەسەكە خزمەت بە وەزارەتى كشتوكاڵ و بەڕێوەبەرايەتى ئاو و دامودەزگاكانى ديكە بكات، چونكە تاوەكو ئيَستا داتا و ئامارى پچڕ پچڕ لەوبارەيەوە هەبوون”.