مستەفا بارزانی لە هزری ڕووناکبیران

کەسایەتی مستەفا بارزانی لە هزری ڕووناکبیرانی سلێمانیدا”
خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی “کەسایەتی مستەفا بارزانی لە هزری ڕووناکبیرانی سلێمانیدا”، ناونیشانی ئەو سیمینارە بوو؛ كە ئەمڕۆ، سێشەممە، 28ی ئازاری 2023، لەلایەن (پ.ی.د.محمد خدر مولود)، مامۆستا لە بەشی ڕاگەیاندنی كۆلێژی ئاداب، پێشكەشكرا.
لە سیمینارەكەدا، د.محمد باسی لە گرنگی كتێبەكە و ڕوانینی كەسایەتییە ئەكادیمییەكان كرد، كە لە ڕاونگەی خۆیانەوە، باسی كەسایەتی بارزانی-یان كردووە.
کتێبی کەسایەتی (مستەفا بارزانی لە هزری ڕووناکبیرانی شاری سلێمانیدا) لەلایەن نووسەر (زانیار سەردار قرگەیی) ئامادەكراوە و لە ساڵی 2018 چاپکراوە.
تەواوی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ بەرزنرخاندنی پێگەو پایەی کەسایەتی مستەفا بارزانی لە هزری ڕووناکبیرانی شاری سلێمانی.
هزرمەندانی ئەو شارەش بە شێواز و شێوەی دەقی شیعریی و نووسین و دیمانەی رۆژنامەوانی و ئەدەبیاتی نامە نووسین، گوزارشتیان لە پێداویستیی مێژوویی و فریادڕەسی ئەو سەرۆک و ڕابەرە کردۆتەوە.
لە سیمینارەكەدا، د.محمد ئاماژەی بەوەكرد، كە مستەفا بارزانی ئەو کەسایەتییە مێژووییەیە، كە هەژاری شاعیر گوتەنی کوردی بە جیهان ناساند و هاواری بە دونیا گەیاند؛ تەواوی دونیایش پێوە خەریک بوو. ئەو ڕابەری شۆڕشی ئەیلوول و سەرۆک و دامەزرێنەری دێرینترین پارتی کوردستانییە، کە تا ئێستایش ئەو پارتە لە خەبات و تێکۆشانیدا بەردەوامە و لەگەڵ سەردەم و پێشکەوتنەکاندا لە نوێبوونەوە دابێت.
نووسەری کتێب (58) کەسایەتی و نووسەر و ئەکادیمی لەبارەی کەسایەتی مستەفا بارزانی هێناوەتە دوان و بە چاوپێکەوتن و گفتوگۆکانی کۆمەڵێ زانیاری نەزانراو و کۆمەڵێ بابەتی گرنگ و پەیوەست بە ژیانی سیاسیی و خەبات و شۆِرشی بارزانی خستۆتەڕوو.