چلەى ماتەمینى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئازاد عوبێد ساڵح بەڕێوەچوو February 12, 2023 Category: چالاکیەکانی کۆلێژ Comments Off on چلەى ماتەمینى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئازاد عوبێد ساڵح بەڕێوەچوو ئەمڕۆ، یەکشەممە، ٥ى شوباتى ٢٠٢٣، بە ئامادەبووانى پارێزگارى هەولێر و د.مستەفا عەتار، یاریدرەى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین و پ.د.قادر محەمەد حەسەن، راگرى کۆلێژى ئاداب و مامۆستایانى کۆلێژى ئاداب و خانەوادە و هاوڕێیانى؛ چلەى ماتەمینى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئازاد عوبێد ساڵح لە هەولێر، بەڕێوەچوو. دواى خوێنى چەند ئایەتیک لە قورئانى پیرۆز و وەستانى خولەکێک بۆ روحى پاکى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئازاد؛ وتارى بەخێرهاتن لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر قادر محەمەد، راگرى کۆلێژى ئاداب، پێشکەش کرا. دواتر، لەگەڵ داگیرساندنى مۆم، کورتە فیدیۆیەک دەربارەى ژیانى زانستى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئازاد، نیشانى ئامادەبووان درا. پاشان وتارى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، وتارى دکتۆر سالار عوسمان، بریکارى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وتارى سەرۆکایەتى بەشى مێژووى کۆلێژى ئاداب، وتارى ئەکادیمیاى کوردى، وتارى یەکێتى نووسەرانى کورد، وتارى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان، وتارى کۆمەڵەى رۆشنبیرى مێژوویى کوردستان، وتارى بنەماڵەى کۆچکردوو پرۆفیسۆر دکتۆر ئازاد، پێشکەش کران. لەکۆتایی مەراسیمەکەدا؛ پەخشانە شیعرێکى لاواندنەوە لەلایەن (عەبدولستار خدر ئیبراهیم) فەرمانبەر لە کۆلێژى ئاداب، کە بۆ روحى پاکى دکتۆر ئازاد نووسیبووى، خوێندرایەوە. هەروەها قەڵغانى رێزلێنان لەلایەن دکتۆر مستەفا عەتار، یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین بۆ کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا، پێشکەش کرا بە خانەوادەى دکتۆر ئازاد عوبێد.