کارى هەڵکۆڵین لە شوێنەوارى دوین

((کارى هەڵکۆڵین لە شوێنەوارى دوین))

ئەمڕۆ، چوارشەممە، ٥ى نیسانى ٢٠٢٣؛ بە ئامادەبوونى (پ.د.قادر محمد حسن) ڕاگرى کۆلێژى ئاداب و بەشێک لە مامۆستایانى بەشە زانستییەکان، سیمینارێک بۆ کارى هاوبەشى نێوان بەشى شوێنەوارى زانکۆى سەلاحەددین و زانکۆى کاسۆلیکى هەنگاریی بە ناونیشانى ((کارى هەڵکۆڵین لە شوێنەوارى دوین)) ڕێکخرا.

لە سیمینارەکەدا، د.مور بەنى مامۆستا لە زانکۆى کاسۆلیکى هەنگاریی، بە وردى کارەکانى هەڵکۆڵین و پشکنینى لە ناوچەى شوێنەوارى دوین، بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

د.مور، ئاماژەى بەوەکرد، لە ساڵى ٢٠١٤ بۆ ماوەى شەش وەرز بەهاوبەشى لەگەڵ بەشى شوێنەوارى زانکۆى سەلاحەددین، کاریان لە قەڵاى دوین کردووە، دواتر لە ساڵى ٢٠١٧، جارێکى تر بۆ ماوەى پێنج وەرز، کاریان لەسەر قەڵاکە کردووە.

د.مور بەنى، ئەوەشى ڕونکردەوە، کە لە ساڵى ٢٠١٦ لەڕێگەى (دڕۆن) و (لێزەرى سکانەر) چین بەچین، وێنەى قەڵاکەیان گرتووە لەپێناو دەرکەوتنى کەلوپەلە شوێنەوارییەکان، کە خۆى لەچەند پارچەیەکى شوێنەوارى دەبینێتەوە.

قەڵاى دوین بە دوورى ٣٧ کلیۆمەتر دەکەوێتەوە پارێزگارى هەولێر. لە ساڵى ١٨٢٣ لەلایەن (میر محمد) لەگەڵ قەڵاى بانەمان نۆژەنکراوەتەوە.