ماڵپەڕێکی فەڕمیی ئاژانسی ناسا وێنەیەکی وەرگیراوی خۆری تایبەت بە (بەشی فیزیا/کۆلێژی زانست/ زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر) بڵاوکردەوە
لە درێژەی چالاکییەکانی “روانگەی فەلەکناسی خۆر”ی بەرنامەی هاوبەشی “بەشی فیزیا، کۆلێژی زانست، زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر و “رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان” بۆ روانگەکردنی رۆژانەی چالاکیەکانی خۆر، لە رێککەوتی ١٨/١٢/٢٠٢٤، ئاژانسی هەرە ناوداری ناسا و لە یەکێ لە ماڵپەڕەکانی بە ناونیشانی “سپەیس-وێزەر”، گرتەیەکی “رووی خۆر” و “پەڵە رەشەکان”، کە لە بەشی فیزیا و لەلایەن کاک ئەژی چەتۆ حەسەن (فەرمانبەر لە تاقیگەی کەشناسی، بەشی فیزیا، کۆلێژی زانست، زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر) وەرگیرابوو، لە رووکاری پێشەوەی ماڵپەڕەکەدا بڵاوکردەوە
دوابەدوای زیانپێککەوتنی سێرڤەرێکی تایبەت بە مانگی دەستکردی تایبەت بە روانگەکردنی بەردەوامی چالاکی و تەقینەوەکانی رووی خۆر بەهۆی روودانی لافاوێکی نێوخۆیی لەنێو زانکۆی ستانفۆرد و بەهۆی شکانی بۆڕییەکی سەرەکی ئاوەوە، داتا سەنتەرەکە لە ٢٦/١١/٢٠٢٤ەوە تاوەکو ئێستا پەکی کەوتووە و پسپۆڕان ناتوانن وێنەی وەرگیراوی مانگە دەستکردەکە تا سەرەتای ساڵی داهاتوو وەربگرن و لە پەیگەکە بڵاوی بکەنەوە، بۆیە داوایان لە فەلەکناسی جیهان کردووە وەک “هاندان و پشتگیری” وێنەی رووی بگرن و رەوانەی “سپەیس-وێزەر” بکەن بۆ بڵاوکردنەوەی لە شوێنی بڵاوکراوەی مانگی دەستکردی “ئێس دی ئۆ”دا
جێگای ئاماژەیە وێنەکەی “روانگەی فەلەکناسیی خۆر”ی تایبەت بە بەشی فیزیای کۆلێژی زانست لە رێگەی تلسکۆپ و کامێرایەکی تایبەت و فلتەری ئاسایی خۆر لە کاتژمێر ١١:٤٥ بەکاتی هەولێر وەرگیرابوو