لەژێر چاودێریی بەڕێز (پ.ی.د.کامەران یونس حمدامین)، بەشی زمانی کوردی، کۆلێژی پەروەردە-شەقڵاوە، ڕێککەوتی (٣٠/ ٤/ ٢٠٢٣) وۆرکشۆپی (کێماسییە زانستی و پەروەردەییەکانی کتێبی “زمان و ئەدەبی کوردی” گشت قۆناغەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە)ی ئەنجامدا. ئەم وۆرکشۆپە بە بەشداری ئەکادیمسان و پسپۆڕانی زمان و ئەدەبی کوردی لە گشت بەشەکانی زمانی کوردی زانکۆی سەڵاحەددین و نوێنەرانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساز کرا.
وۆرکشۆپەکە سەرەتا بە وتەی بەخێرهاتن لە لایەن بەڕێز (پ.ی.د.محەمەد ئەحمەد مەنتک) ڕاگری کۆلێژ بە وەکالەت دەستی بەکارەکانی خۆی کرد. تێیدا ئاماژەی بە گرنگی سازکردنی ئەم جۆرە چالاکییە زانستیانە کرد. هاوکات ئاماژەی بەوەشدا: پێویستە هەماهەنگی لە نێوان ناوەندە ئەکادیمییەکان و وەزارەتی پەروەردە هەبێت. دواتر بەڕێز (پ.د.فەرهاد عەلی مستەفا) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان، وەک نوێنەری سەرۆکی زانکۆ بەشداربوو، لە وتارێکدا پاڵپشتی تەواوی خۆیانی بۆ ئەم جۆرە چالاکیانە دەربڕی و ئاماژەی بۆ هێندێک لایەنی گرفتی نێو پرۆگرامەکانی خوێندن کرد. پاشان بەڕێز (کاروان کەریمخان) قائیمقامی قەزای شەقڵاوە، پاڵپشتی خۆی ئەم چالاکیانە دەربڕی و ئاماژەی بە گرنگی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندن و ناوچە گەشتیارییەکان دا.
دواتر چالاکییەکان دەستیان پێکرد و چەندین بابەت لە شێوەی پریزینتەیشن لە لایەن پسپۆڕانەوە پێشکەشکران و گفتوگۆی چڕ و تێروتەسەل لەبارەی هەموو گرفتەکانەوە ئەنجامدرا. دواتر بڕیاردرا ڕاسپاردەکان ئامادە بکرێن و پێشکەش بە وەزارەتی پەروەردە بکرێت بۆ ئەوەی لە هەموارکردنەوە و پێداچوونەوە بە کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی سوودیان لێوەرگیرێت.