رۆژى دووه‌مى كۆنفراسى شوێنه‌وارو كه‌له‌پوورى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30ى نیسانى 2019، بۆ رۆژى دووه‌م كۆنفراسى شوێنه‌وارو كه‌له‌پوورى كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن به‌شى شوێنه‌وارى كۆلێژى ئاداب رێكخراوه‌، به‌ڕێوه‌چوو. له‌ رۆژى دووه‌مى كۆنفراسه‌كه‌، چه‌ندین پانێلى تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و شێوازى پاراستنیان له‌لایه‌ن توێژه‌رانى كوردو وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئه‌وروپییه‌وه‌، خرانه‌ڕوو. له‌ توێژینه‌وه‌كاندا، ئاماژه‌ به‌ شه‌ش هه‌زار ناوچه‌ى شوێنه‌وارى گرنگ له‌ هه‌رێم كراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر گرنگیان پێبدرێت، ده‌رفه‌تێكى زۆرباش بۆ هێنانى گه‌شتیارانى بیانى بۆ ناوخۆى هه‌رێم ده‌ره‌خسێنێت. بڕیاره‌ دواى كۆتایهاتنى كۆنفراسه‌كه‌، راسپارده‌كانى كۆنفراسه‌كه‌ ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو حكومه‌تى هه‌رێم بكرێت، بۆئه‌وه‌ى كارى زیاتر بۆ پاراستنى ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكرێت. دوێنێ دووشه‌ممه‌ 29ى نیسانى 2019، سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى کەلەپورو شوێنه‌وارى كوردستان له‌لایه‌ن زانكۆى سه‌حه‌ڵاددین له‌ هه‌ولێر رێكخرا. له‌و كۆنفراسه‌كه‌دا، ٨٠ توێژەر لە ١١ وڵاتدا 35 توێژینەوەى زانستى لەم کۆنفرانسە پێشکەشدەکەن. به‌پێى ئه‌و توێژینه‌وانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن پسپۆڕانى شوێنه‌وه‌وار خراوه‌ته‌وه‌ڕوو، زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زارن ناوچه‌ى شوێنه‌وارى له‌ كوردستان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆى هۆكارى سروشتى و مرۆیى زۆربه‌یان مه‌ترسى له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌. له‌و كۆنفراسه‌ زانستییه‌دا، له‌لایه‌ن پسپۆڕانى بیانییه‌وه‌ شێوازى نوێى كارى هه‌ڵكۆڵینى ناوچه‌ شوێنەواریەکان و شیکارى جوگرافى بۆ ناوچە شوێنەوارییەکان و چۆنیەتى بەکارهێنانى ئامێر لە پرۆسەى روپێوکردنى ناوچە شوێنەوارییەکان ده‌خرێته‌ڕوو.

رۆژى دووه‌مى كۆنفراسى شوێنه‌وارو كه‌له‌پوورى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو