ئەمڕۆ یەك شەممە ڕێكەوتی ٢٠٢١/١١/١٤ بەیاوەری بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی كۆلێژی زمان بەمەبەستی تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بە دەرچوانی كۆلێژی زمان و هەماهەنگی نێوان مامۆستایانی كۆلێژ و لێژنەكانی وەزارەتی پەروەردە بەتایبەتی لێژنەی پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەكانی خوێندن لەدیوانی وەزارەت سەردانی زۆر بەڕێز ئالان حەمه سعيد وەزیری
پەروەردەمان كرد.
بەڕێزیان زۆر بەگەرمی پێشوازییان لێكردین و ئێمەش وەك ئەنجومەنی كۆلێژ سوپاسی بەڕێزیانمان كرد و داوامان لێكرد دەرچووانی كۆلێژی زمان بێبەش نەكرێن لە دامەزراندنیان وەك وانەبێژ ، بەڕێزیان پێیان ڕاگەیاندین لەبەرئەوەی دەرچووانی كۆلێژی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەتی بابەتەكانی ڕێگاكانی وانەوتنەوە و دەرونزانی و … هتد دەخوێنن بۆیە ئەولەویەت لەدامەزراندن بۆ وان دەبێت، بەڵام دەكرێ دەرچوانی كۆلێژی زمانیش وەك وانەبێژ سوودیان لێ وەربگیرێت، و پێی ڕاگەیاندین كە دەسەڵات دەداتە بەڕێوەبەری گشتی تا لەم بوارەدا سوود لەتوانای
دەرچووانی كۆلێژی زمان ببینن.
هەروەها لەلایەكی ترەوە باسمان لە هەماهەنگی نێوان كۆلێژی زمان و لێژنەكانی وەزارەتی ناوبراو كرد ، بەڕێزیان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی كۆلێژی زمان بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ڕەوتی پەروەردە وخوێندن لە كوردستانی خۆشەویست .



