ئاهەنگی یەکترناسینی قوتابیانی پۆلی یەکەم بەڕێوەچوو February 28, 2022 Category: Uncategorized Leave a comment بەئامادەبوونی نوينه رى سه روكى زانكو بەڕێز یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و خوێندن، پ.د.شێروان ساڵح، نوێنەرانی لیژنەی ناوچەی ئاسۆ و لیژنەی ناوچەی ئایندە و نوێنەرانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، ئاهەنگی یەکترناسینی قوتابیانی پۆلی یەکەم لە کۆلێژەکەمان بەڕێوەچوو. سەرەتای ئاهەنگەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێکرد. پاشان گوتاری راگرایەتی کۆلیژی پەروەردە لەلایەن بەڕێز پ.ی.د.سەعید عومەر ئیبراهیم، راگری کۆلیژی پەروەردەوە پێشکەش کرا. بەڕێز پ.ی.د.سەعید عومەر ئیبراهیم لە گوتارەکەیدا بەناوی خۆی و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆلێژی پەروەردەوە پیرۆزبایی لە قوتابیانی پۆلی یەکەم کرد بەبۆنەی وەرگرتنیان لە بەشە جیاجیاکانی کۆلێژ. راگری کۆلیژی پەروەردە گوتی “وەرگیرانتان لە کۆلێژ و هاتنتان بۆ نێو زانکۆ، دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی زانستیی جیاوازە لە قۆناغەکانی پێشووی خوێندنتان بەوپێیەی لێرە هەرکەسەوە بەپێی ئەو بەشەی لێی وەرگیراوە لە دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن و دەرچوون لە کۆلێژ دەبێتە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەو بوارەی کە تیایدا دەخوێنێت و دەچێتە خزمەتی پەروەردە و فێرکردن. هەربۆیە وێڕای پیرۆزبایی وەرگیران، هیوادارم بتوانن قۆناغەکانی خوێندنتان بە سەرکەوتوویی تەواوبکەن”. بەڕێز پ.ی.د.سەعید عومەر ئیبراهیم لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سوپاس و ستایشی رۆڵی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێژی پەروەردەی کرد کە لە چەند ساڵی رابردوودا سەرەڕای قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەرهاوێشتەکانی، بەردەوام بوون لە خزمەتکردن و رێگەیان نەدا پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت. راگری کۆلیژی پەروەردە لە کۆتایی گوتارەکەیدا پیرۆزبایی ٦٩یەمن ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە قوتابیان و لاوانی کوردستان پیرۆز کرد و ئومێدی سەرکەوتنی بۆ خواستن.