فێستیڤاڵ و کۆڕبەندی یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر”د.خ” بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ سێشەممە (٢٠٢٢/١٠/٢٥) سەنتەری سەڵاحەدینی ئەیوبی بۆ توێژینەوە ولێکۆڵینەوە ئیسلامییەکان لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، هەڵسا بە سازدانی فێستیڤاڵ وکۆڕبەندێکی زانستی، بە بۆنەی یادی لەدایک بوونی پێغەمبەرمان”دروودی خوای لەسەربێت” ، لە سەنتەری ڕۆشبیری زانکۆی سەڵاحەدین. لە فێستیڤاڵەکەدا هەر یەکە لە بەڕێزان (د. کامەران یونس) سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، (د. ئیدریس قادر حمدامین) ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان، (د. زیاد ئیسماعیل خۆرانی) یاریدەدەری ڕاگر و (د. عبداللە وەیسی) سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان و نوێنەری وەزیری ئەوقاف و بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی ئاینی و قوتابیان بەشداربوون. سەرەتای مەراسیمە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، دواتر بەڕێز ڕاگری کۆلێژ (د. ئیدریس قادر حمدامین) وتارێکی پێشکەشکرد، کە تیایدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد، هەروەها باسی گرنگی و بایەخی ئەم یادە پیرۆزە و ئەو جۆرە فێستیڤاڵ و کۆڕبەندانە کرد، دواتریش هەریەکە لە سەرۆکی یەکێتی زانایان (د. عبداللە وەیسی) و سەرۆکی سەنتەری سەڵاحەدینی ئەیوبی (د. جمیل علی سورچی) وتەیان پێشکەش کرد. هەر لە درێژەی فێستیڤاڵەکەدا، چەند سرود وقەسیدەیەک تایبەت بە یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر (د.خ) خوێنرایەوە، دواتر خەڵات بەسەر قوتابییە یەکەمەکانی پڕۆژەی خوێندنەوەی پەرتوکی “گوڵاوی سەرمۆر” و پڕۆژەی لەبەرکردنی فەرموودە، دابەشکرا. لە بەشی کۆتایی فێستیڤاڵەکەشدا پانێڵێک سازکرا، کە چوار سیمیناری لەخۆگرتبوو، بەم شێوەیە: بەڕێوەبەری پانێڵ: پ.ی.د. عباس علی سلێمان پانێڵیست/ پ.د. عثمان محمد غریب / خۆشەویست (د.خ) لە هزری بیرمەندە نا مسوڵمانەکاندا پانێڵیست/ پ.د. حسن خالد مفتی / پێویستی ناسینی حەقیقەتی حەزرەتی پێغەمبەر (د.خ) پانێڵیست/ پ.ی.د. بەدر قادر سورچی / گیادەرمان لە ڕوانگەی پزیشکی پێغەمبەر و توێژینەوەی زانستیدا پانێڵیست / د. جعفر نجم الدین گوانی / پێغەمبەرناسی وەک پێشەنگ لە کۆتییشدا بڕوانامە بەخشرا بە بەڕێوەبەری پانێڵ و پانێڵیستەکان و سەرۆکی سەنتەری سەڵاحەدینی ئەیوبی و ئەندامانی لیژنەکانی زانستی و ئامادەکاری کۆڕبەند.

 

Leave a comment