لە مەراسیمێکدا باڵەخانەی نوێی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان کرایەوە

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ـی ١٠ـی ٢٠٢٤ لە مەراسیمێکدا، بە ئامادەبوونی بەڕێز (د. پشتیوان صادق) وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی هەرێم، بە نوێنەرایەتی بەڕێز (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر، بەڕێز (پ.ی.د. کامەران یونس) سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، بەڕێز (پ.د. جمیل علی سورچی) ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، بەڕێز (د. جەودەت ئەنوەر هەمینی) یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژمان، بەڕێز (د. عبداللە سعید وەیسی) سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، بەڕێز (موسا احمد) سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و کونسوڵی گشتی کوێت لە هەرێم و بەشێکی زۆر لە میوانان، باڵەخانەی نوێی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان کرایەوە.

هەر لە مەراسیمەکەدا، ئامادەبووان بەشەکانی باڵەخانەکەیان بەسەرکردەوە، دواتر لە هۆڵی (کوێت) بۆ کۆنفرانسە زانستییەکان، ڕاگری کۆلێژمان (پ.د. جمیل علی سورچی ) بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین و ڕاگرایەتی کۆلێژ وتەیەکی پێشکەشکرد، کە تیایدا بەخێرهاتنی گشت میوانەکانی کرد، هەروەها سوپاسی وەزارەتی ئەوقافی کوێتی و کۆمەڵەی بەهاناوەچوونی کوێتی و دەزگای خێرخوازی بارزانی و کۆمپانیای جێبەجێکار و هەموو ئەو کەس ولایەنانە کرد، کە هاوکار وهەماهەنگ بوون، لەسەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەکەوە تا تەواوبوونی، دواتر بەڕێز (د. پشتیوان صادق) وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی هەرێم، بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتەیەکی پێشکەش کرد، هەروەها بەڕێز (موسا احمد) سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بەناوی خۆیان و کۆمەڵەی بەهاناوەچوونی کوێتی وتەیەکی پێکەشکرد.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرا بە وەزارەتی ئەوقافی کوێتی، کۆمەڵەی بەهاناوەچوونی کوێتی، دەزگای خێرخوازی بارزانی، بەڕێوەبەرایەتی ئەندازە وپڕۆژەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، کۆمپانیای مبانی العصریة للمقاولات، بەڕێز (پ.د. ادریس قادر حمدامین) ڕاگری پێشووی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان و بەڕێز (د. محمد سلیم) سەرۆکی دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام.

Leave a comment