ئەمڕۆ سێشەمە ١٧ی ١٠ی ٢٠٢٣ بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی درووست کردنی باڵەخانەی نوێی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، وەفدێکی پێکهاتوو لە وەزارەتی ئەوقافی کوێتی و کۆمەڵەی بەهاناوەچوونی کوێتی، بە ئامادەبوونی ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان (پ.د. جمیل علی سورچی) و ڕاگری پێشووی کۆلێژمان (پ.د. ئیدریس قادر حمدامین) سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدینیان کرد و لەگەڵ بەڕێز (پ.ی.د. کامەران یونس) سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین کۆبوونەوە، وەفدەکە پێکهاتبوون لە هەریەک لە بەڕێزان (رومي الرومي) بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وەزارەتی ئەوقافی کوێت و بەڕێز (جمال النوري) نوێنەری کۆمەڵەی بەهاناوەچوونی کوێتی و بەڕێز (عادل العبید) وەک کۆمپانیای ڕاوێژکاری تایبەت و سەرپەشتیاری پڕۆژە، کە لەلایەن وڵاتی کوێتەوە ڕاسپێردراوە و بەڕێز (أحمد عبدۆ) نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی و (بەڕێوەبەرایەتی ئەندازە وپڕۆژەکانی زانکۆی سەڵاحەدین)، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی باڵەخانەی کۆلێژ کرا، کە لە ئێستادا لە قۆناغی کۆتایی کارەکانیدایە و بڕیارە بۆ ساڵی داهاتوو بەتەواوی ئامادەبێت.
دواتریش ڕاگری کۆلێژ بە یاوەری وەفدەکە، سەردانی باڵەخانەکەیان کرد و لە نزیکەوە بەشەکانیان بەسەر کردەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە کرد، کە پێکهاتووە لە چەند بەشێک وەک (ڕاگرایەتی کۆلێژ، سەرۆکایەتی بەشەکان، هۆڵەکانی خوێندن، تۆمار، کتێبخانە، هۆڵی کۆنفرانس و چەند بەشێکیتر)، شایەنی باسە ئەم پڕۆژەیە لە سەر ئەرک وبودجەی “کۆمەڵەی بەهاناوەچوونی کوێتی” و بە سەرپەرشتی دەزگای خێرخوازی بارزانی و سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین، بەڕێوەدەچێت.




