ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٣/٩/٢٤ بە ئامادەبوونی ڕاگری کۆلێژمان (پ.د. جمیل علی سورچی) و یاریدەدەری ڕاگر و ئەنجومەنی کۆلێژ و مامۆستایان و فەرمانبەران وقوتابیانی کۆلێژەکەمان، پێشوازی کرا لە هەریەک لە بەڕێزان (شێخ طالب الشطي) بەرپرسی هۆبەی عێراق لە (جمعیة احیاء التراث الإسلامي/ لجنة العالم العربي) و (د. محمد سلیم محمد) سەرۆکی دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام.
لە سەردانەکەیاندا لە ژێر ناونیشانی (پڕۆژەی بەخشینی کتێبخانەی زانستی وکتێبخانەی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی وبڵاوکردنەوەی ئاشتی) کۆمەڵێک کتێبی زانستی وئایینیان پێشکەش بە کۆلێژەکەمان کرد، کە بەشێک لە کتێبەکان پەیوەست بوون بە بابەتی (ئاشتی، پێکەوەژیان، لێبووردەیی و بابەتی بەرەنگاربوونەوەی بیری تووند ئاژۆیی و تۆقاندن و تەکفیر).
وە لە مەراسیمێکدا قەڵغانی ڕێزلێنان و سوپاس وپێزانین لەلایەن ڕاگری کۆلێژەکەمانەوە، پێشکەش بە هەریەک لە بەڕێزان (شێخ طالب الشطي و د. محمد سلیم محمد) کرا، هەروەها سوپاس وپێزانین پێشکەش بە ڕاگری پێشووی کۆلێژمان (پ.د. ئیدریس قادر حمدامین) کرا، لە پای هەوڵ وماندووبونەکانی بەڕێزیان لە بابەتی هەماهەنگی وپەیوەندییەکانی بۆ خزمەتی کۆلێژەکەمان، وە سوپاس وپێزانین پێشکەش بە بەرپرسی کتێبخانەی کۆلێژ و ئەندامانی لیژنەی کڕینی کتێب کرا، بەهۆی هەوڵ وماندووبونیان لە ئامادەکردنی کتێب وهەماهەنگی کردن بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆژەیە.



