نۆیەمین سیمپۆزیۆمی (هەمواری پێشنیارکراو بۆ یاسای باری کەسی عیراقی وکاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە لەنێوان شەریعەت ویاسادا) لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ـی ٩ـی ٢٠٢٤ لەژێر چاودێری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێز (پ.ی.د. کامەران یونس محمدامین)، کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بەهاوبەشی لەگەڵ کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین، هەڵسان بە سازدانی سیمپۆزیۆمێک لەژێر ناونیشانی (هەمواری پێشنیارکراو بۆ یاسای باری کەسی عیراقی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە لەنێوان شەریعەت ویاسادا) لە هۆڵی (کوێت) بۆ کۆنفرانسە زانستییەکان، لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان.
سیمپۆزیۆمەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، کە هەر یەکە لە نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی و وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی و بەڕێز (پ.ی.د. شریف مولود شریف) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی وخوێندنی باڵا و بەڕێزان (پ.د. جمیل علی سورچی) ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان و (پ.د. بەختیار صابر بایز) ڕاگری کۆلێژی یاسا و بەڕێز (د. عبداللە سعید وەیسی) سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان وچەندین کەسایەتی تر تیایدا ئامادەبوون.
لەسەرەتادا بەڕێز (پ.ی.د. شریف مولود شریف) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی وخوێندنی باڵا، بەنوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەشکرد، دواتر ڕاگری کۆلێژی یاسا (پ.د. بەختیار صابر بایز) وتەیەکی پێشکەش کرد و بەناوی هەردوو کۆلێژ بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و باسی لە گرنگی ئەنجامدانی ئەمجۆرە چالاکییە زانستییانە کرد، دواتر بەڕێز ڕاگری کۆلێژمان (پ.د. جمیل علی سورچی) وتەیەکی پێشکەشکرد و تیشکی خستە سەر بابەتی سیمپۆزیۆم و باسی لە پڕۆژە یاساکە و دەرەنجامە نەرێنییەکانی کرد لەسەر تاک وخێزان وکۆمەڵگە، هەروەها بەڕێز (د. عبداللە سعید وەیسی) سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، وتەیەکی پێشکەش کرد.
لە بەشێکیتری سیمپۆزیۆمەکەدا دوو پانێڵ سازکرا، کە هەریەکەیان چوار بابەتی لەخۆگرتبوو، بەم شێوەیە:
پانێڵی یەکەم: سەرنجە یاساییەکان وڕۆڵی دادگای تایبەت بە هەمواری یاسای باری کەسی.
بەڕێوەبەری پانێڵ/ بەڕێز: (د. بشیر خلیل حداد)
بابەتی یەکەم: (سەرنجە یاساییەکان سەبارەت بە پڕۆژەی هەموارکردنی یاسای باری کەسی عێراق) لەلایەن بەڕێز (پ.د. سەرهەنگ حمید بەرزنجی) زانکۆی سەڵاحەدین/ کۆلێژی یاسا.
بابەتی دووەم: (ڕۆڵی دادگا وپێگەکەی لە پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای باری کەسی عێراقی) لەلایەن بەڕێز دادوەر (د. بەختیار غەفور باڵەکی) دادوەر لە دادگای باری کەسی هەولێر.
بابەتی سێیەم: (دیاریکردنی تەمەنی هاوسەرگیری لەژێر ڕۆشنایی ڕێسای سنوردارکردنی ڕێپێدراوەکان) لەلایەن بەڕێز (پ.ی.د. لقمان بهاءالدین احمد) زانکۆی سەڵاحەدین/ کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان.
بابەتی چوارەم: (حوکمی بەشوودانی منداڵ لە فیقهی ئیسلامیدا – هاوسەرگیری دایکی ئیمانداران عائشە (ر.خ) وەک نمونە) لەلایەن بەڕێز (پ.ی.د. عمران محمد اسماعیل) زانکۆی سەڵاحەدین/ کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان.
پانێڵی دووەم: هەڵوەشاندنەوەی خێزان ولێکەوتە خراپەکانی هەمواری یاسای باری کەسی عێراقی.
بەڕێوەبەری پانێڵ/ بەڕێز (پ.ی.د. شاهۆ غەفور احمد)
بابەتی یەکەم: (تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری وداواکردنی هەڵوەشاندنەوەی لە دادگا لە شەرع ویاسای باری کەسی) لەلایەن بەڕێز (پ.د. نوزاد صدیق سلیمان) زانکۆی سەڵاحەدین/ کۆلێژی یاسا.
بابەتی دووەم: (دۆخی مافی ئافرەت ومنداڵ لە ئەگەری هەموارکردنی یاسای باری کەسی) لەلایەن بەڕێز (پ.د. تاڤگە عباس بستانی) زانکۆی سەڵاحەددین/ کۆلێژی یاسا.
بابەتی سێیەم: (دیاریکردنی مەزهەبی فیقهی هاوسەران لە گرێبەستی هاوسەرگیری لە یاسای باری کەسی- شیکار وهەڵسەنگاندن) لەلایەن بەڕێز (د. کۆسرەت صالح احمد) زانکۆی سەڵاحەدین/ کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان.
بابەتی چوارەم: (لێکەوتە خراپەکانی پڕۆژە پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی- شرۆڤەیەکی واقعی) لەلایەن بەڕێز (د. عبداللە شێرکاوەیی) ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی وبەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.
لەدوای تەواوبوونی هەر پانێڵێکدا بەشێک لە بەشداربووان بەشدارییان کرد و پرسیار وسەرنجەکانییان ئاڕاستەی پانێڵیستەکان کرد و لەلایەن پانێڵیستەکانەوە وەڵامدرانەوە، دواتر بڕوانامە بەسەر بەڕێوەبەری پانێڵ وپانێڵیستەکان بەخشرا.
لە کۆتاییشدا بڕوانامەی ڕێزلێنان بە ئەندامانی لێژنەکان بەخشرا و ڕاسپاردەکانی سیمپۆزیۆمیش لەلایەن (پ.د. شێرزاد عزیز سلێمان) خوێنرایەوە، کە کۆکراوەیەک بوو لە ئەنجام وڕاسپاردەکانی سیمپۆزیۆم، کە لە ئەنجامی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروبۆچوونی پانێڵیستەکان وبەشداربووانی سیمپۆزیۆم پێیگەیشتن.


