ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی ٢ـی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن ئێجوکەیشن، بەڕێز (ئیدریس نێچیرڤان بارزانی) و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێز (پ.ی.د. کامەران یونس) و ڕاگری کۆلێژمان بەڕێز (پ.د. جمیل علی سورچی) و و بەڕێز (د. عبداللە سعید وەیسی) سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و بەشێکی زۆر لە میوانان و مامۆستایان وفەرمانبەران وقوتابییانی کۆلێژەکەمان، مەراسیمێکی تایبەت لە کۆلێژەکەمان سەبارەت بە دابینکردنی بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بەڕێوەچوو، کە لەلایەن دامەزراوەی (ڤیژن ئێجوکەیشن)ـەوە دابینکرابوو.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، دواتر ڕاگری کۆلێژمان (پ.د. جمیل علی سورچی) وتەیەکی پێشکەشکرد، کە تیایدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد، هەروەها سوپاسی سەرۆکی دامەزراوەی (ڤیژن ئێجوکەیشن) و ستافی دامەزراوەکەی کرد، لەبەرامبەر بەدەنگەوەچوونیان و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، وە دوپاتیکردەوە کە ئەمجۆرە هاوکارییانە جێگای دەستخۆشی وپێزانینە و هیوای بەردەوامی وسەرکەوتنی بۆ خواستن، دواتر هەریەکە لە (پ.ی.د. کامەران یونس) سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و (د. عبداللە سعید وەیسی) سەرۆکی یەکێتی زانایان و (میوان دۆلەمەری) بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی ڤیژن ئێجوکەیشن، وتارییان پێشکەشکرد.
شایەنی ئاماژەپێدانە، مەراسیمەکە دوای ئەوەهات، کە دامەزراوەی ناوبراو، هەڵسا بە دابینکردنی چەندین پێداویستی بۆ کۆلێژەکەمان، کە بریتی بوون لە (پێداویستییەکانی هۆڵەکانی خوێندنی قوتابییان، دابینکردنی کۆمپیوتەر بۆ تاقیگەی کۆمپیوتەر، مێز وکورسی وپێداویستییەکانی تایبەت بە هۆڵی خوێندنەوەی مامۆستایان وقوتابییان، پێداویستییەکانی ئۆفیسی مامۆستایان، بونیاتنان وڕێکخستنی باخچەی کۆلێژ، دابینکردنی پێداوییستییەکانی کتێبخانە، تۆماری کۆلێژ و هۆڵی کۆنفرانسە زانستییەکانی کۆلێژ).



